مێتافۆڕی چەمکیی عەشق وەک گەشت و ڕێگا لە شیعرەکانی (صافی)دا
DOI ناسێنەری سەرچاوە دیجیتاڵییەکان:
https://doi.org/10.31918/twejer.2361.11کلیلە وشەکان:
مێتافۆڕی چەمکی، عەشق، گەشت، ڕێگا، شیعرەکانی صافی، نەخشەکیشان.پوختە
"عەشق" چەمکێکی باو و زۆر بەکارهاتووە لە نێو دیوانی صافیدا، شاعیر کە خاوەن بونیادێکی هزریی عیرفانییە وەک عارفێک لە هەوڵی ئەوەدایە ئەم چەمکەمان لە چوارچێوەی بونیادی هزری عیرفانیدا پێ بناسێنێت، بەڵام لەبەرئەوەی ئەم چەمکە چەمکێکی ئەبستراکتە و بوونێکی فیزیکی نییە و نابەرهەستە شاعیر نەیتوانیوە تەنها بە خودی چەمکی عەشق، عەشق بە ئێمە بناسێنێت، بۆیە شاعیر هەوڵیداوە لە ڕێگای چەمکانێکی تری بەرهەستن بیناسێنێت، واتە لە ڕێگای مێتافۆڕی چەمکییەوە هاتووە ئەم چەمکەی بە ئێمە ناساندووە، هەریەک لە چەمکەکانی "گەشت" و "ڕێگا" یەکیکن لەو چەمکانەی کە شاعیر وەک بواری سەرچاوە بەکاریهێناون بۆ ناساندنی چەمکی عەشق، ئەم توێژینەوەیە بە پشتبەستن بە تیۆری مێتافۆڕی چەمکی (Conceptual metaphor)، کە تیۆرێکی نوێیە لە ساڵی ١٩٨٠ لە لایەن "جۆرج لاکوف" و "مارتن جانسۆن" خراوەتەڕوو، دیدێکی نوێی لە بارەی مێتافۆڕ هێنایە ئاراوە بەوەی کە جەوهەری مێتافۆڕی چەمکی بریتییە لە ناساندنی چەمکی ئامانج لە ڕێگای چەمکی سەرچاوە، هەوڵدەدات کار لەسەر هەردوو مێتافۆڕی چەمکی "عەشق گەشتە" و "عەشق ڕێگایە" لە شیعرەکانی صافیدا بکات و بە نموونەی شیعری بیانخاتەڕوو، بۆ هەریەک لەو مێتافۆڕە چەمکییانەش نەخشەکێشان لە نێوان بواری ئامانج و بواری سەرچاوە بکات و لەم ڕێگایەشەوە تێگەشتنێکی زیاتر بۆ شیعرەکانی صافی بخاتەڕوو.