دەقاوێزان لە ڕۆمانی"حیكمەتی پیران"ی عەبدولكەریم فەتتاحدا
DOI:
https://doi.org/10.31918/twejer.170.04Abstract
لە دوای دروستبوونی قوتابخانەی بەراوردی ئەدەبی ئەمریكی و لە ئەنجامی ئەو ڕەخنە واقیعیانەی لە هەردوو قوتابخانەكەی دیكە (فرەنسی و سلاڤی) گیران بەهۆی پابەندبوونیان بە سێنترالیزمی ئەوروپایی وسەپاندنی زمانی جیاواز و جێگەنەبوونەوەی فۆلكلۆر و هاوسەنگی ئەدەبیی تیایاندا و هۆكاری دیكەی وەك فەرامۆشكردنی كلتور و فەرهەنگی وڵاتانی جیهانی سێیەم و ئاسیایی، كە نەیانتوانیوە ئەو كەلێنە مەعریفیانەی لێكۆڵینەوەكان پڕبكەنەوە و ئاستی توانەوەی كلتوری غەیرە نووسراوی نێوان دەقەكان دەربخەن، لەولایتریش ڕەخنەی بونیاتگەری هۆكارێكی دیكەی سەرەكی بوو بۆ دەركەوتنی دەقاوێزان، لەبەرئەوەی لە ڕێبازی بونیادگەریدا دەق وەكو یەكەیەكی سەربەخۆی بێ گیان مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت و نووسەر و پەیامی خودی نووسەرەكە هیچ بەهایەكی ئەوتۆیان نییە لە چوارچێوەی توێژینەوە ڕەخنەكارییەكاندا، تا ئەو ئاستەی هەندێكی وەكو (ڕۆڵان بارت و فۆكۆ) نووسەر نەك وەك بەرهەمهێنەری دەق سەیرناكەن،بگرە وەكو كەسێكی مردووشی دادەنێن، واتە دەقئاوێزان وەكو كاردانەوەیەك بووە بۆ بیروڕای ئەو بونیادگەرانەی كە باوەڕیان بە سەربەخۆبوونی دەق هەبووە لەم ڕووەوە (تۆدۆرڤ) جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، كە ئەو وڕێنەیە ئەگەر باوەڕمان وابێت، كە دەق بوونێكی سەربەخۆی هەیە، لەبەرئەوەی لەكرداری ئەدەبیدا ئەوە بە ئاشكرا دەردەكەوێت، كە دەق لێوانلێوە لە بەرهەمە ئەدەبییەكانی ڕابردووە، هەموو كارێكی هونەری لە ناوەرۆكیدا لەپەیوەندییەكی پێكەوەگرێدراو دایە لەگەڵ كارەكانی ڕابردوو بە پێی قۆناغەكانی مێژوو و بەدوای یەكداهاتنە جیاوازەكانەوە (لمرتجی، 1987: 45) .