پەیوەندیی نێوان ئەزموونی ئیستاتیکی و هونەری چەمکگەرا (ئینستەڵەیشن لە هەرێمی کوردستان وەک نموونە)
DOI ناسێنەری سەرچاوە دیجیتاڵییەکان:
https://doi.org/10.31918/twejer.2253.09کلیلە وشەکان:
ئەزموونی ئیستاتیکی، چێژی ئیستاتیکی، هونەری چەمکگەرا، ئینستەڵەیشن، کۆنسێپیچواڵ ئارت.پوختە
هونەری چەمکگەرا یاخود کۆنسێپیچواڵ ئارت بە یەکێک لە لقەکانی هونەری پۆست مۆدێرنیزم هەژماردەکرێت و هەروەک لە ناولێنانەکەیدا دیارە چەمک و هزر لە بنەما سەرەکییەکانی ئەم هونەرەدایە. هەروەها ئەم هونەرە یەکێکە لە هونەرە هەرە سەرنجڕاکێش و جەنجاڵییەیەکانی سەدەی بیستەم، کە هەموو یاسا و ڕێسا باو و چەسپاوەکانی چیەتى هونەر و چۆنیەتی پڕۆسەی کاری هونەری دەخاتە ژێر پرسیارەوە و ئەو ژێرخانە باو و جێگیرەی هونەر پێشتر هەیبوو دووچاری هەڵوەشان و لێکترازان دەکاتەوە، بۆیە ئەم گۆڕانکارییە لە پڕۆسەی ئەزموونکردن و خوێندنەوەی کارە هونەرییەکەدا جێیسەرنجە، هەروەک چۆن کارێکی کلاسیکی یاخود مۆدێرن بە پڕۆسەی ئەزموونی ئیستاتیکیدا لە لای بینەر تێدەپەڕێت، کاری چەمکیش هەڵگری ئەزموونی تایبەت بە خۆیەتی.
هونەری چەمکگەرا هەروەک هونەرەکانی سەردەمی کلاسیک و مۆدێرن لە بونیادنانی خۆیدا هەڵگری پێکهاتەی تایبەت بە خۆیەتی و ئەم پێکهاتەیەش کاریگەری لەسەر ئەزموونکردنی لە لایەن بینەرەوە دەبێت. لە هونەری چەمکگەرادا گەرچی هەڵگری ئیفێکتی ئیستاتیکی بینەی نییە، بەڵام لەو ڕووەوە کە هەڵگری فۆڕمێکی زهنییە لە پێکهاتەی خۆیدا، بۆیە درکپێکردنی ئەم فۆڕمە دەبێتە مایەی چێژی ئیستاتیکی لای بینەر، لەمەشەوە ئەزموونی ئیستاتیکی بێ پەیوەندی نابێت لەگەڵ ئەم جۆرە لە هونەردا، گەرچی لە ڕوواڵەتدا هەڵگری هیچ ئیفێکتی ئیستاتیکای بینەیی و ڕازاندنەوە و ڕێکخستنێک نەبێت، هەروەک ئۆبجێکتێکی ئامادە کاتێک لە نمایشێکی هونەریدا نمایشدەکرێت.