دیمۆگرافیا و بونیادی خێزانی قوربانیانی توندوتیژیی خێزانی: توێژینەوەیەکی مەیدانییە لە شێڵتەرەکانی ئافرەتانی هەرێمی کوردستانی ئێراق
DOI ناسێنەری سەرچاوە دیجیتاڵییەکان:
https://doi.org/10.31918/twejer.2582.17کلیلە وشەکان:
توندوتیژیی، توندوتیژیی خێزانی، شێڵتەرپوختە
توندوتیژیی خێزانی گرفتێکی جیهانییە، بەتایبەت لەو شوێنانەی کە نۆرمە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکان بەشدارییەکی کارایان هەیە لە بەردەوامبوونی. لە هەرێمی کوردستان، شێڵتەرەکان وەک پەناگەیەکی ئارامە بۆ ئەو ئافرەتانەی لە توندوتیژی رزگاریان بووە، بەڵام تاکو ئێستا، هۆکارە کۆمەڵایەتی، ئابووری و کولتووریەکان وایان لێدەکات بەدوای شوێنێکی پارێزراو بگەرێن. ئامانجی ئەم توێژینەوەیە بریتییە لە تاقیکردنەوەی کاریگەری هۆکارە کۆمەڵایەتی و دیمۆگرافیەکان کە هانی ئافرەتان دەدات پەنا بۆ شێڵتەرەکان بەرن. ئەم توێژینەوەیە میتۆدی چەندایەتی بەکارهێناوە و پشتی بە فۆرمی ڕاپرسی بەستووە کە لەگەڵ ٦٩ ئافرەت لە شێڵتەرەکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی لە نێوان ڕێکەوتی ٤/٦/ ٢٠٢٢ تا ٢٨/٨/٢٠٢٢ ئەنجامدراوە. داتاکان بەبەرنامەی هەگبەی ئاماری بۆ زانستە کۆمەڵایەتییەکان (SPSS) شیکردنەوەی بۆ کراوە. ئەنجامەکانی توێژینەوەکە ئەوەمان بۆ دەردەخەن، کە هۆکارەکانی دیمۆگرافیا، کۆمەڵایەتی- ئابوورییەکان بەشدارن لە توندوتیژیی دژی ئافرەتان لە هەرێمی کوردستانی ئێراق. بەتایبەت، ئافرەتانی گەنج، کە ئاستی خوێندەواریان سنووردارە یان نزمە، ئافرەتانی ماڵەوە، ئاستی ئابوورییان مامناوەندە، خاوەن باکگراوندێکی لادێی یاخود خێزانی کۆچکردووە زیاتر تووشی توندوتیژیی خێزانی دەبنەوە. ئەم تویژینەویە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە چۆن ناسنامەی کەسی، کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتی، بەدەستهێنانی بڕوانامە و خاوەن ئابووری سەربەخۆ ڕۆڵی سەرەکییان هەیە لەبەرکەوتنی ئافرەتان بە توندوتیژیی خێزانی. ئەنجامەکان نیشانیدەدەن کە فشاری کۆمەڵایەتی و کولتووری هۆکاری سەرەکین بۆ توندوتیژیی خێزانی لە هەرێمی کوردستانی ئێراق. توێژینەوەکە بانگەوازی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ جەختکردنەوە لەسەر پەروەردە، دەستێوەردانی خێزان، جێ بە جێکردنی یاسا و دابینکردنی هەموو پالپشتییەک بۆ ئافرەتان کە بتوانن پشت بەخۆیان ببەستن بۆ پارێزگاری لە خۆیان لە توندوتیژیی خێزانی.