ئیبن حه‌جه‌ری عه‌سقه‌لانی و میتۆدی و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی له نووسینه‌وه‌ی مێژوودا (773ـ 852ك ـ 1371ـ 1448ز)
DOI ناسێنەری سەرچاوە دیجیتاڵییەکان:
https://doi.org/10.31918/twejer.2253.02کلیلە وشەکان:
ئیبن حه‌جه‌ر، تایبه‌تمه‌ندییه‌كان، ڕێباز، نووسینی مێژووپوختە
ئه‌م توێژینه‌وه‌یه میتۆدی زانا و مێژوونووسێكی گه‌وره‌ی سه‌رده‌می مه‌مالیك (648 ـ 923ك/ 1250 ـ 1517ز) له نووسینه‌وه‌ی مێژوودا ده‌خاته به‌ر نه‌شته‌ری لێكۆڵینه‌وه، كه ڕه‌نگه وه‌ك مێژوونووس ئه‌وه‌نده نه‌ناسرابێت، ئه‌ویش فه‌رمووده‌ناس و ئه‌دیب و شه‌رعزان (ئیبن حه‌جه‌ری عه‌سقه‌لانی 773ـ 852ك/ ـ 1371ـ 1448ز)یه، ئه‌گه‌ر چی له مصر ژیاوه، به‌ڵام گریمانه‌ی ئه‌وه هه‌یه، كه كورد ڕه‌چه‌ڵه‌ك بێت، ئیبن حه‌جه‌ر به پێویستی زانیوه وه‌ك هه‌موو زانسته‌كانی تر گرنگی بدرێت به مێژوو، خولیایه‌كی زۆری هه‌بووه بۆ لێكۆڵینه‌وه له مێژوو، هه‌ر ئه‌مه‌ش پاڵنه‌ری بووه تا ژماره‌یه‌كی ئێ‌كجار زۆر په‌رتووكی مێژوویی و ژیاننامهكان و ته‌به‌قات بخوێنێته‌وه، پاشان ده‌ستی داوه‌ته نووسین و توێژینه‌وه، نزیكه‌ی (279) په‌رتووكی له بواره جیاجیاكانی زانست به‌رهه‌مهێناون، له‌ناویاندا ژماره‌یه‌ك په‌رتووكی بواری مێژوو هه‌ن، ئه‌و له نووسینی مێژوودا خاوه‌نی ڕێچكه و میتۆدی خۆیه‌تی، په‌یڕه‌وكردنی بنه‌مای ڕه‌خنه‌گرتن، گومانكردن له سه‌رچاوه‌كان و هه‌واڵه‌كانی ناویان، په‌رۆشی بۆ پشتڕاستكردنه‌وه‌ی زانیارییه‌كان و پشتبه‌ستن به سه‌رچاوه‌ی زۆر و هه‌مه‌جۆری باوه‌ڕپێكراو، هه‌روه‌ها هه‌ڵسه‌نگاندنی كه‌سایه‌تییه ناوداره‌كانی سه‌رده‌م و خستنه‌ڕووی لایه‌نی ئه‌رێنی و نه‌رێنییان، له دیارترین خاسیه‌ته‌كانی ڕێبازه‌كه‌یه‌تی، ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێیته‌وه بۆ كاریگه‌ریی زانستی (الجرح والتعدیل) له‌سه‌ری.