لاوک-بەستەی (بێژە هەڤال بێژە)ی شڤان پەروەر لە نێوان زمان و زمانی مۆسیقی و موزیکدا
DOI ناسێنەری سەرچاوە دیجیتاڵییەکان:
https://doi.org/10.31918/twejer.2692.09کلیلە وشەکان:
زمانی مۆسیقا، زمانەوانی مەعریفی، لاوک و حەیرانپوختە
مۆسیقا و زمان وەک دوو رووی یەک دراو تەواوکەری یەکترن لەو دیاردەیەی پێی دەوترێت ژیان، ژیانیش بە هەموو روویەکەوە بە زمان و مۆسیقاوە پەیوەستە، جا چ ژیانی سروشتی بێت یا ژیانی مرۆڤ و گیانداران. مۆسیقا وەک پەرگال(سیستەم)ێکی پەیوەندی، هاوشێوەی زمانە و بە زمان دەچیت، بە تایبەتی لە گەلێ بابەتی کە دەنگ جۆرێکە لە زمان، یا دیاردەکانی زمانی تا رادەیەک لەگەل دیاردە مۆسیقاییەکان هاوسەنگ و یەکسانن. مۆسیقا خۆی لە سەر بنەڕەتی دەنگ بینادنراوە، بۆیە زمان و مۆسیقا بابەتێکن کە هاوکوف و وابەستەی یەکترن، لەم لێکۆڵینەوەیەدا هەوڵدراوە کە بە نمونەی مەقامێکی هونەرمەندی کورد (شڤان پەروەر) ئەم پەیوەندییە بەتینە بە دیاربخەین کە چۆن مۆسیقا هاوشان لەگەل زمان، کاریگەری روحی و هزری و پەچەکردار لە ناخی مرۆڤدا دروستدەکات، یا بە هەمان شێوەی کە کردەی قسەیی لە زماندا هەیە و لە لایەن قسەکەرەوە ئاراستەی گوێگر دەکرێت، بە هەمان شێوە دەکرێ بڵیێن کە کردەی مۆسیقیش هەیە و هاوشان لەگەل زمان هەست و نەست، وروژانێک لە ناخی گوێگردا دروستدەکات.
ئەم توێژینەوەیە بە پێی رێبازی وەسفی شیکاری ئەنجامدراوە و بۆ شیکردنەوەی موزیکی سود لە تیۆری (ژان سی لا رۆJan.C. La Rue–) و لە زمانیشدا سود لە شێوازناسی و تیۆرەکانی زمانەوانی مەعریفی وەرگیراوە. هەوڵدراوە کە باس لە زمان و زمانی مۆسیقا و موزیکی شڤان پەروەر بکرێت کە گوێگرەکانی بەیەکتربەستنەوەی دەنگی قسەکەر(زمان)، مۆسیقای زمانی، موزیک، وێنەی دەنگی و وێنەی سروشتی لە ناو هزر و ئاوەزیدا، وێنەی جۆری (Prototype) واتا و چەمکی مەعریفی لەلای گوێگر وێنادەکات.