پەیوەندیی نێوان ئاسایشی وزە و سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان (مەرج و ئالنگارییەکان)
DOI ناسێنەری سەرچاوە دیجیتاڵییەکان:
https://doi.org/10.31918/twejer.2473.06کلیلە وشەکان:
ئاسایشی وزە، نەوت و گاز، ململانێ ناوچەییەکان، هەرێمی کوردستان، بەغداد، ئەمریکا و ڕووسیا، ئێران، تورکیا، حەشدی شەعبی.پوختە
ئاسایشی وزەی هەرێمی کوردستان لە بەردەم چەندین مەرج و ئالنگاریی ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتیدایە. کە ئەمەش وایکردووە، بەڕێوەبردنی سامانە سروشتییەکانی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستاندا بکەوێتە ناو هاوکێشەیەکی نادیاری سیاسی و ئابوورییەوە. سەرەڕای بەرەوپێشچوونەکانی تایبەت بە وەبەرهێنان و بازرگانیی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستاندا، بەڵام ئاسایشی وزەی هەرێمی کوردستان دووچاری چەندین ئالنگاری بۆتەوە، بەهۆی بوونی چەندین ململانێ و بەرژەوەندی و تێگەیشتنی جیاواز لە نێوان هیزە ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان لەسەر چۆنێتیی بەڕێوەبردنی دابەشکردنی داهاتەکانی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان. گرنگیی ئەم توێژینەوەیە لەوەدایە، هەوڵدەدات لە ڕێگەی تیۆری کۆمەڵەی ئاسایشی ئاڵۆزەوە، خوێندنەوە و هەڵسەنگاندن بکات بۆ ئەو مەرج و ئالنگارییانەی کە ڕووبەڕووی ئاسایشی وزەی هەرێمی کوردستان دەبێتەوە و کاریگەری دەبێت لەسەر سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان. دەرئەنجامی ئەم توێژینەوەیە، جگە لە دیاریکردنی ڕۆڵی لایەنەکان و ئەکتەرە کاریگەرەکان لە چۆنیەتیی بەڕێوەبردن و پەرەپێدانی کەرتی وزە لە هەرێمی کوردستان. لە هەمان کاتیشدا گوزارشت لە مەترسیی کەمکردنەوەی ئاستی سەروەری و سەربەخۆیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات بەسەر خاکی هەرێم و کەرتی وزەکەیدا. بە پشتبەستن بە دەرەنجامی ئەم لێکۆڵینەوەیە، پەیوەندییەکی داینامیکی و دوولایەنە لە نێوان ئاسایشی وزە و سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستاندا هەیە.