دیزاینی کیبۆردی کوردی بە پێی گرافیمی زمانی کوردی
DOI ناسێنەری سەرچاوە دیجیتاڵییەکان:
https://doi.org/10.31918/v6nntv60پوختە
دانانی تەختەکلیلی کوردی هەنگاوێکی گرنگە لە ئاڕاستەی سەربەخۆیی و بە دەوڵەتبوون و بە پڕۆژەیەکی ژێرخانی دادەنرێت. هەنگاوە سەرەتاییەکان لەم بوارە نراون و تەختەکلیلی یونیکۆد دروستکراوە و لە لایەن فەرمانگەی ئایتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان گشتاندنی پێکراوە1، وەک تەختەکلیلێکی ستاندەرد دەبێ لە لایەن گشت دامودەزگا فەرمییەکانەوە کاری پێبکرێت.
پرسیاری توێژینەوەکە ئەوەیە، شێوازی دابەشکردنی گرافیمە کوردییەکان لەسەر تەختەکلیل تا چەند لەگەڵ فریکوێنسی گرافیمەکان دەگونجێ؟
ئەم توێژینەوەیە هەوڵێکە بۆ دیزاینکردنی تەختەکلیلی یونیکۆد، بۆ ئەوەی لەگەڵ فریکوێنسی گرافیمەکانی زمانی کوردی بگونجێت. بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە، بە توێژینەوەیەکی ئاماری لە پەیکەرەیەکی زمانی گەورەدا، فریکوێنسی هەر گرافیمێک بە جیا دەستنیشان دەکرێ و دواتر بە پێی فریکوێنسەکان و گەرمیی کلیلەکان، تەختە کلیلی کوردی دیزاین دەکرێ.
گرنگیی توێژینەوەکە لەوەدایە، دیزاینە نوێیەکە دەبێتە هۆی: کەم بوونەوەی جوڵەی پەنجە و مەچک، گەڕاندنەوەی کات، ئابووری لە وزە، کەم بوونەوەی هەڵەی ڕێنووسی لە تایپدا، ...هتد.