زانست و بیرکاری بە زمانی کوردی
DOI ناسێنەری سەرچاوە دیجیتاڵییەکان:
https://doi.org/10.31918/1ygedx26پوختە
یەکێک لە قۆناغەکانی بەستانداردکردنی زمان فراوانبوونی ئەرکی زمانەکەیە، واتە زمانەکە لە بواری جیاوازی زانستەکان(سروشتی و مرۆیی) پێی بنووسرێت و کتێبی پێ تەرجەمە بکرێت. زمانی ستانداردی کوردی بە دیالێکتی کوردیی ناوەند لە ماوەی گەشەکردنی لە سەد ساڵی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو ئەرکەکانی فراوان بووە و لە بواری هەمەچەشنی زانستەکان زاراوەسازی بۆ کراوە و فەرهەنگی زاراوەی زۆربەی بوارەکانی زانستی بۆ دانراوە.
زاراوەسازیی زانستی لە زمانی کوردیدا سەرەتاکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی بیستەکانی سەدەی بیستەم دوای ئەوەی لە باشووری کوردستان خوێندن بە زمانی کوردی دەست پێ دەکات. لە سەرەتادا چەند کتێبێکی پرۆگرامی خوێندنی بابەتە زانستییەکان لە عەرەبییەوە تەرجەمەی کوردی دەکرێت، ک ئەوسا زمانی زانست بە کوردی زمانێک بوو لە سەرەتای ڕێڕەوەکەدابووە. ئەم ڕەوتە سەرەتاییە هەتا بەرپابوونی شۆڕشی چواردەی تەمموزی ١٩٥٨ بەردەوام دەبێت، دوای ئەوە بەتایبەت لە ساڵانی شەست ئەمجارە بە شێوەیەکی زانستی زاراوەسازیی زانستەکان دەست پێ دەکات. دوای بەیانی یازدەی ئاداری ساڵی ١٩٧٠ کە زمانی کوردی دەبێت بە زمانی ڕەسمیی خوێندن لە باشووری کوردستان و لە قۆناغەکانی خوێندنی ناوەندی و ئامادەییش پێی دەخوێندرێت، ئەمجارە بە شێوەیەکی ڕێکخراو و زانستییانە زاراوەی هەموو بوارەکانی زانست تەرجەمەی کوردی دەکرێت و کتێبی قوتابخانەکانی پێ دەردەچێت.